نەخۆشیی بەهجەت چییە؟

Поделиться
HTML-код
  • Опубликовано: 15 сен 2024
  • نەخۆشیی بەهجەت چییە؟
    ..
    ..
    ..
    نەخۆشیی بەهجەت، جۆرێکە لە نەخۆشییەکانی هەوکردن(سۆ)ی لوولەکانی خوێن (ڤاکسکیولایتس) و بە نەخۆشییەکی ڕۆماتیزمی دادەنریت.
    نیشانەکان جیاجیان و ئەگەر پسپۆڕ نەیبینێت، ڕەنگە نەزانێت هەموویان نیشانەی هەمان نەخۆشین، بۆ نموونە: برینی ناو دەم، سۆی چاو، برین و پەڵەی پێست، برینی ئەندامانی زاوو زێ و کڵۆبوونی خوێن!
    مەبەست لە چارەسەری ئەم نەخۆشییە، هەم کۆنترۆڵکردنی نیشانە بێزارکەرەکانە، هەم ڕێگرییە لە ماکە مەترسیدارەکانی وەکوو کوێربوونی هەمیشەیی!
    نیشانەکان:
    مەرج نییە هەموو نیشانەکان هەبن، زۆربەی تووشبووان بەشێک لەم نیشانانەیان هەیە:
    - لە دەمدا: برینی بە ئازاری ناو دەم، برینەکە سەرەتا وەکو بڵق دەستپێدەکەن و دواتر دەبنە برینێکی بە ئازار، لە یەک بۆ سێ هەفتەدا برینێک چاکدەبێتەوە، کەچی خێرا هی دیکە سەرهەڵدەداتەوە!
    - لە پێستدا: بڵق و زیپکەی جۆراوجۆر، گرێی هەستیار و بە ئازار، بە تایبەت لە پەلەکانی خوارەوە (قاچ)
    - ئەندامانی زاووزێ: برینی سوور لەسەر گون(وەتە) لە پیاوان و زێ لە ژنان، بە ئازارن و کە چاکدەبنەوە جێزام بەجێدێڵن
    - چاو: سووربوونەوە، ئازار، تەڵخبوونی بینایی
    - جومگەکان: ئازار و ئاوسانی جومگە، بە تایبەت جومگەکانی ئەژنۆ، قولەپێ، ئانیشک و مەچەک. ئەم گرفتان دێن و دەڕۆن ماوە ماوە
    - لوولەکانی خوێن: سۆی دیواری خوێنبەر و خوێنهێنەکان ڕەنگە ببنەهۆی گیرانی بۆرییەکانی خوێن و گوپدانیان
    - کۆئەندامی هەرس: سکئێشە، سکچوون یان خوێندانان
    - مێشک: هەوکردنی مێشک و کۆئەندامی دەمار دەکرێ ببێتەهۆی سەرئێشە، تا، تێکچوونی هۆش، تێکچوونی هاوسەنگی و تەنانەت روودانی جەڵتە(نۆرە)ی مێشک
    هۆکار
    نەخۆشیی بەهجەت نەخۆشییەکی دژەخۆ بەرگرییە، واتە تێیدا کۆئەندامی بەرگری بە هەڵە هێرشدەکاتە سەر شانە و خانەکانی جەستەی خودی کەسەکە، ئەگەری ئەم سەرلێشێوانە لەوانەیە بۆماوەیی یان ژینگەیی یان هەردووکیان بێت.
    هۆکاری نیشانە جیاجیاکانی ئەم نەخۆشییە، سۆی لوولەکانی خوێنە، بە خوێنبەر و خوێنهێنەوە، بە گەورە و بچووکیانەوە!
    بیردۆزێک هەیە دەڵێت ڕەنگە کەسەکە بەهۆی نەخشەی جینیی تایبەتی خۆیەوە، دوای نەخۆشکەوتنی بە بەکتریا یان ڤایرۆسێکی دیاریکراو تووشی سەرلێشێوانی کۆئەندامی بەرگری ببێت.
    هۆکارە ڕێگاخۆشکەرەکان
    - تەمەن: بەزۆری لە ٢٠ و ٣٠ یەکانی تەمەنەوە دەستپێدەکات، بەڵام تەمەنەکانی دیکەش ئەگەری تووشبوونیان هەیە
    - جوگرافیا: خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، وەکوو (تورکیا، ئێران، عێراق ژاپۆن و چین) زۆرتر تووشدەبن
    - جێندەر: پیاوان قورستر دەیگرن
    - جینەکان: هەبوونی هەندێک جین ئەگەری تووشبوون زیاددەکات
    ماکەکان:
    - چارەسەرنەکردنی سۆی قووڵایی چاو (یوڤیایتس) بەرەو لاوازبوونی بینایی یان کوێربوونی چاوەکەی دەبات
    - کڵۆبوونی خوێن و گیرانی لوولەکانی خوێن، دیاردەیەکی مەترسیدارە و ئەگەر چارەسەرنەکرێت ئەو ئەندامەی لەش دەخاتە مەترسی کە بەهۆی ئەو لوولەیە خوێنی بۆ دەڕوات
    دەستنیشانکردن
    هیچ پشکنینێکی تاقیگەیی و تیشکی نییە بتوانێت بە تەنیا ئەم نەخۆشییە دەستنیشانبکات، دەبێ پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم کەسەکە ببینێ و بە پرسیارکردن، پشکنینی سەرجێگا و پشکنینی دیکە بگاتە دەستنیشانی حاڵەتەکە
    چارەسەر
    دەرمانێک نییە بە یەکجاری نەخۆشیی بەهجەت لەکۆڵ بکاتەوە، بەڵام دەرمان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە، ئەویش بە سەرکوتکردنی نیشانە بێزارکەرەکان و کەمکردنەوەی ئەگەری ڕوودانی ماکەکان.
    ........
    د. سەروەر سالار چوچانی
    پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم و فەقەرات
    .......

Комментарии • 1