نییەت گۆڕان
HTML-код
- Опубликовано: 26 янв 2025
- نییەت گۆڕان:
کاتێک مرۆڤ نییەتی دەگۆڕێت چ بە چاک، چ بە خراپ، نەک ھەر دڵ و مێشک، بەڵکوو شێوەو روخساریشی ھەر دەگۆڕێت!
وەرگێڕانی لە فارسیەوە
م. پشدەری
(قوباد) که پادشایەکی ئێرانی دەبێت، ڕۆژێک دەچێت بۆ ڕاو، لەشوێنی ڕاوكردن دەكەوێتە دوای مامزێك و لەسەربازەكانی دادەبڕێت. ئەو ڕۆژەش که زۆر گەرم دەبێت و تینوێتی هێرشی بۆدێنێ، دوای ماوەیەک لەدوورەوە، لەچۆلەوانییەکدا ڕەشماڵێک دەبێنێ و دەچێت بەرەو لایان و دەڵێت:
میوان ڕادەگرن؟ (پیره ژن)ێكی پیر لەڕەشماڵەكە دێتە دەرەوەو زۆر بەڕێزەوە ڕێشمەی ئەسپەكەی دەگرێت تاکوو دادەبەزێت. ھەروەھا زۆریش لەگەڵیدا ڕووخۆش دەبێت و بەجوانی بەخێری دێنێ و خواردن و خواردنەوەیش ئەوەی كەهەیانبوو بۆیدانا.
(قوباد) دوای ئەوەی كە كەمێك ماندوێتی لاچوو پاڵی دایەوەو بۆی خەوت، تاكوو ڕۆژ ئاوا خەبەری نەبۆوە. كاتێك هەستا لەخەو، دیتی شەو داهاتووە! بەناچاری هەر لەو ماڵە مایەوە.
دوای ڕۆژ ئاوا بوون چەند مانگایەكیان هەبوو لەچۆلگه بەرەو ماڵ گەڕانەوە.
(پیره ژن) كچێكی دوازدە ساڵانەی هەبوو زۆر ژیرو تێگە یشتوو بوو، پێی وت: كچم! بچۆ كەمێك شیر بدۆشە تابیدەم بەمیوانی خۆشەویست. (کچەکه) ڕۆیشت لەمانگایەك شیرێكی زۆری دۆشی، كاتێك (قوباد) ئاوای بینی، سەری سووڕماو لەدڵی خۆیدا وتی: ئەوانە لەژێر سێبەری ئاشتی و دادپەروەری مندا لەو چۆلەوانیه نیشتەجێن و بەو هەموو داهاتەوە ژیان دەبەنەسەرو هیچیش نادەن بەگەنجینەی (پادشا)!
ھەروەھا وتی: ئەگەر لەمانگێکدا تەنانەت ڕۆژێك كەمێك لەداهاتی شیرەكەیان بدەن بەگەنجینەی حکومەت، هیچ لەوان كەم نابێتەوە، بەڵام سەرمایەی وڵات بەرەو زیادبوون دەچێت و ئابووری وڵات، گەشه دەکات. هەر لەدڵی خۆیدا بڕیاریدا كاتێك گەڕایەوە بەرەو پایتەخت، باج بخاتە سەر خەڵکەکەی.
كە شەو تێپەڕی و دنیا ڕوناک بوو، (پیره ژن) بانگی كچەکەی کردو پێی وت: هەستە لەخەو، بانانی بەیانی بدەین بەمیوان. (کچەکه) هەستا لەخەوو هەروەک ڕۆژانی ڕابردوو چوو بۆلای مانگاكان كەبیاندۆشێت. بەڵام هەرچەند هەوڵیدا شیریان نەداو ناچار هاواریكردو وتی: دایکە، دایکە! هەستە ڕوو لەخوای گەورە بكەو بپاڕێوەو نزا بكە. وادیارە پادشای وڵات نیەتی گۆڕاوەو نیازی زۆرداری هەیە بەرامبەر بەخەڵكەكەی!
(قوباد) سەری بەرز كردەوەو ڕووی لەخوا كردو وتی: ئەی پەروەردەگار! ئەو كچە كە نازانێت من كێم چۆن زانی كە من نیەتم گۆڕاوەو ئەو بیرۆكەیەم بەسەر مێشکدا هاتووە؟ (پیره ژن) هەستاو بەگریانەوە ڕووی لەخوا كردو دەستیكرد بەپاڕانەوەو سكاڵا كردن بۆئەوەی بەزەیی پێیاندا بێتەوەو خێرو بەرەكەت بگەڕێتەوە بۆیان و هەروەها ئەگەر حاکمی وڵات، نیەتی بەرەو خراپە گۆڕابێ، بەرەو چاکی بگەڕێتەوە.
(قوباد) بانگی پیرە ژنی كردو وتی: پێم بڵێ: چۆنتان زانی كە(پادشا)ی ئێوە بیری زۆرداری بەدڵدا هاتووە؟
(پیرە ژن) وتی: هەموو بەیانیان مانگاكانی ئێمە شیری زۆریان دەداو ئەمڕۆش كەنەیانداو هیچ نەخۆشیش نین، زانیمان كە هۆیەكەی گۆڕانی دڵی حاکمی وڵاتە بەرەو خراپی بەرامبەر به خەڵکەکەی خۆی! چونكە بیستوومانە هەركاتێك سەرۆکی وڵات نیەتی باش بێت، خوای گەورە خێرو بەرەكەتی زۆر دەبارێنێ بۆ وڵاتەكەی و هەموو كەسێك بەتێری و شادی دەژین. ھەروەھا ئەگەر بیریش لە چەوساندنەوەو ئازاردانی خەڵكەكەی بكاتەوە، خوای گەورە خێرو خۆشی و بەرەكەت لەو وڵاتەدا لادەباو بەرەو وێرانی دەچێت.
(قوباد) وتی: ڕاست دەكەی، بەڵام دڵنیابە ئەگەر (پادشا) نیەتی خراپی هەبێت، یان بەدڵی داهاتبێ پەشیمان دەبێتەوەو هەرگیز جارێكی تر بەو شێوەیە بیرناكاتەوە.
دوای ماوەیەک كچە بچووكەكە دیسان هەستاو ڕۆیشت بۆلای مانگاكان كە بیاندۆشێت، سەیریكرد شیرەكە هەروەک ڕۆژانی ڕابردوو بوو.
(قوباد)یش بڕیاریدا که ئیتر جارێکی دیکه بیری ئاوای بەدڵدا نەیەتەوەو داوای لێبووردنی لەخوای گەورە كردو بەرەو پایتەخت گەڕایەوە.